دوو هێرشبەرى دژ بە یەک (( ئینزاگى و ڕۆناڵدۆ ))

دوو هێرشەرى ناسراوى جیهانى هەیە، کە هەردوو کیان لەسەر هێڵى کۆتایى بەرگرى دوو جۆر مامەڵەیان دەکرد، یەکێک لەو یاریزانانە ڕۆناڵدۆى ئەفسانەى تۆپى پێى بەڕازیل بوو، کە هەمیشە هەوڵى ئەوەى دەدا، کە خۆى لە تەڵەى ئۆفساید بدزێتەوە... زۆربەى جار بە جیاوازییەکى هەست پێنەکراو خۆى لە تەڵەى پلانى ئۆفسایدى بەرگریکارانى تیپى بەرامبەر دەدزییەوە. واتە ڕۆناڵدۆ یەکێک بوو لەو هێرشبەرە سەرکەوتووانەى، کە دەیتوانى سوود لە هەڵەو ناهاوسەنگى یاریزانانى هێڵى بەرگرى وەربگرێت، کاتێک تیپى بەرامبەر بەنیاز بووبێت پلان و تەڵەى ئۆفساید بۆ هێرشبەرانى تیپى بەرامبەر بنێتەوە... ڕۆناڵدۆ توانیویەتى زیرەکانە لەبرى ئەوەى خۆى بکەوێتەوە داوەکەوە، کەچى چاڵى بۆ ئەوانە هەڵدەکەند، کە دەیانویست ڕۆناڵدۆ بیخەنە داوى ئۆفسایدەوە. هەڵبەت سەدانجار ڕۆناڵدۆ کەوتۆتە تەڵەى ئۆفسایدەوە، بەڵام بەهۆى تیژتێپەڕى و سوودوەرگرتن لە تیژڕەوى و خێرایییەکەى، هەمیشە باکى بەوە نەبوو، کە بەرگریکارانى بەرامبەر بە چەند سانتیم مەتر، یان متر لە پێشى بوونایە، بەڵام وێنەیەکى دەقاودەق پێچەوانەى ڕۆناڵدۆ بۆ ئەم حاڵەتە، فلیپۆ ئینزاگى هێرشبەرى پێشووى ئیتاڵیایە، کە زۆربەى کەڕەت دەکەوتە داوى ئۆفسایدەوە، هێند دەکەوتە تەڵەى ئۆفسایدەوە، کە زۆر جار بەشێکى زۆرى تام و چێژى یارییەکەى لەناو دەبرد، هەروەها بەهۆى گومان خستنە سەر ئینزاگى بەوەى، کە زۆر کەڕەت دەکەوێتە تەڵەى ئۆفسایدەوە، زۆرجار هەبووە، لە حاڵەتى ئۆفسایدیشدا نەبووە، کەچى نابژیوان فیکەى ئۆفسایدى لێداوە، چونکە بەردەوام دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم دیاردەى ئینزاگى نەرم کردبوو، ئینزاگى بووبوو بە پادشای ئۆفساید. بەکورتى هەردوو هێرشبەر خاوەن کۆمەڵێک دەستکەوت و سەروەرى گەورەن، هەم بۆ خۆیان وەک یاریزان و هەم بۆ ئەو تیمەى، کە یارییان بۆ دەکرد.

نوسەر : ئەحمەد سەنگاوى