دیدو تێڕوانینی ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان



1- ئاین:
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئاینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام, ئاینی‌ فه‌رمی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌و له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای‌ ده‌ركه‌وتنیدا خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئازادانه‌و به‌بێ‌ هیچ فشارو زه‌برو زه‌نگێك ئه‌م ئاینه‌ی‌ هه‌ڵبژاردووه‌, ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ ده‌زانێت له‌به‌رنامه‌كانیدا كار بۆ ئه‌وه‌ بكات ئه‌م ئاینه‌ وه‌ك بیروباوه‌ڕو یاسای‌ ژیان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو خه‌ڵك‌و حكومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ تری‌ كوردستان‌و تاكی‌ كورد له‌سه‌ر ئه‌و ناسنامه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ بكات, وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕوامان وایه‌ پێویسته‌ ڕێز له‌ ئاینه‌كانی‌ تر بگیرێت له‌ كوردستانداو هه‌ر كه‌سه‌و ئازاد بێت له‌ په‌رستش‌و موماره‌سه‌كردنی‌ ئاینه‌كه‌ی‌ خۆیاندا له‌ كوردستان. 


2- نه‌ته‌وه‌ :
 ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان بڕوای‌ وایه‌ میلله‌تی‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ وه‌ك هه‌ر ته‌ته‌وه‌یه‌كی‌ تری‌ دونیا خوای‌ گه‌وره‌ خاكێكی‌ تایبه‌تی‌ پێبه‌خشیوه‌ كه‌ ناوی‌ كوردستانه‌و زمانێك كه‌ زمانی‌ شیرینی‌ كوردییه‌و ئیراده‌یه‌ك كه‌ ئازادییه‌. پێمانوایه‌ گه‌لی‌ كوردی‌ سته‌مدیده‌ مافی‌ خۆیه‌تی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ كیان‌و ئاڵای‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ بێت‌و له‌ سایه‌ی‌ ئازاداییه‌كدا بژیت كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ پێی‌ به‌خشیوه‌. بۆیه‌ په‌یام به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ ده‌زانێت له‌مباره‌یه‌وه‌ كاربكات تا گه‌لی‌ كوردو مافه‌كانی‌‌و ئه‌و سته‌م‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌رانبه‌ری‌ ده‌كرێت به‌ هه‌موو دونیا بناسێنێت.

3- هه‌رێمی‌ كوردستان‌و دامه‌زراوه‌كانی‌:
 ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان به‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ ده‌زانێت سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌, حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی‌ تر) كه‌ به‌رهه‌می‌ خوێنی‌ شه‌هیدان‌و خه‌باتی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مانن بپارێزێت‌و گه‌شه‌یان پێبدات‌و خه‌باتێكی‌ دیپلۆماسی‌‌و حیواری‌ بكات له‌گه‌ڵ دونیادا تا دۆست‌و دوژمنی‌ كورد تێبگه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ی‌ ئێسته‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ كه‌مترینی‌ ئه‌و مافانه‌یه‌ خوای‌ گه‌وره‌ به‌ میلله‌تانی‌ خاوه‌ن ئاڵاو كیانی‌ به‌خشیوه‌, هه‌روه‌ها په‌یام تواناكانی‌ خۆی‌ ده‌خاته‌ گه‌ڕ تا ته‌واوی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ڕێگه‌ی‌ ده‌ستورو گفتوگۆوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ماف بۆ خاوه‌ن ماف بگه‌ڕێته‌وه‌, هه‌ر وه‌ك چۆن ڕه‌خنه‌ گرتن‌و چاكسازیكردن له‌ دامه‌زراوه‌كاندا به‌ ئه‌ركێكی‌ پیرۆزده‌زانێت تا په‌تای‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و مشه‌خۆری‌ نه‌بێته‌ سیمای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌ هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بێبه‌ش ببن.

4- ڕه‌خنه:
 ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان ڕه‌خنه‌ گرتن ده‌كاته‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كاركردنی‌ خۆی‌‌و هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ فه‌زایه‌كی‌ مه‌عریفی‌ وا بخوڵقێنێت به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رجه‌می‌ وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كانه‌وه‌ پێشبخات, چونكه‌ بڕوامان وایه‌ ڕه‌خنه‌‌و ڕه‌خنه‌ی‌ بنیاتنه‌ر پڕۆسه‌یه‌كی‌ ته‌ندروسته‌‌و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانرێت له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ كوردستان پێشبخرێت‌و مرۆڤی‌ كورد هه‌نگاوێك زیاتر له‌ گه‌لانی‌ پێشكه‌وتوو نزیكبكاته‌وه‌.

5- ئازادیی‌‌و بیرو ڕای‌ جیاواز:
 ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان بڕوای‌ وایه‌ پێویسته‌ مرۆڤ ئازادبێت له‌ بیرو باوه‌ڕو بۆچوونه‌كانیداو هه‌ر فشارو ڕێگه‌یه‌كی‌ توندوتیژ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی‌ زه‌وتكردنی‌ مافی‌ تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و پێی‌ وایه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ی‌ ڕاست‌و دروست له‌ ژیاندا بریتییه‌ له‌ حیوارو گفتوگۆ ‌و پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیانه‌ كه‌ ده‌رفه‌تی‌ گه‌شه‌سه‌ندن‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و داهێنان ده‌خوڵقێنێ‌, بۆیه‌ په‌یام ئه‌م بنه‌ما به‌رزو گرنگه‌ ده‌كاته‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌كانی‌ ستراتیجی‌ كاری‌و به‌رنامه‌و پڕۆگرامه‌كانی‌ خۆی‌ پێ ڕه‌نگڕێژ ده‌كات.

به‌شی ده‌رباره‌