بەهاكانی جاهیلییەت و سیستەمە تاغوتیەكان

پرۆفیسۆر حاكم موتەیری

وەرگێڕانی: شاهۆ قەرەداغی

ئیسلام بە دادگەری و دادپەروەری و یەكسانی هات لە پێناو ئەوەی كە نەفامی و سیستەمەكەی و ڕۆشنبیرییەكەی و دینەكەی و بەهاكانی  تێك بشكێنێت. هەتا پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) لە (حجە الوداع) دا كە ڕوخساری ڕێگەی ئومەتی دیاری كرد دەفەرموێت "بێگومان هەموو شتێكی سەردەمی نەفامیم خستۆتە ژێر پێمەوە ، وە هەموو سوویەكی نەفامیش پووچەڵ كراوەتەوە". صحیح مسلم.

بەڵام ئەمڕۆ دەبینین نەفامی و بت پەرستی سەر لەنوێ گەڕاوەتەوە ، وە بە هەموو شێوەكان دەبینرێت و سیستەمی سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی گرتۆتەوە، وە سەر لە نوێ دەستی گرتووە بەسەر كۆمەڵگا موسوڵمانەكان دا!

سەر لە نوێ دیكتاتۆر و تاغوتەكان خەڵكیان كردووە بە بەندە و دەستیان بەسەردا گرتوون و كاروباریان بە بێ ویستی خۆیان بۆ بەڕێوە دەبەن و سیاسەتیان لە باتی دەكەن و یاسا بە هەواو ئارەزووی خۆیان دادەڕێژن و حوكمی خەڵكی دەكەن. وە سووی حەرام كراویش بە هەموو شێوەكانیەوە لە دام و دەزگای هەموو وڵاتە ئیسلامیەكان دا دەبینرێت ، كە ئەم دام و دەزگایانە لە تەنیشتی مزگەوتەكانن هەتا لە ماڵی خوداش ، لەو شوێنەی كە ڕاگەیاندنی پێغەمبەری (د.خ) تێدا بڵاو بۆوە كە بریتی بوو لە پوچەڵ كردنەوەی هەموو سوویەكی سەردەمی جاهیلی و هەموو لایەن و بابەتەكانی تری سەردەمی نەفامی.
وە دەبینین ستەم و ستەمكاری و چینایەتی و چەوسانەوەی دینی و فیكری و سیاسی و چینایەتی لە واقیع دا بە شێوەیەكی فراوان بڵاو بۆتەوە كە لە پێشتر دا بوونی نەبووە.

بەوەش نەفامی و جاهیلیەتی نوێ لەگەڵ ئیسلامی نوێ دا دەژی لە ژێر سێبەری ستەمی دەسەڵات و تاغوتەكان و ڕازی بوونی پیاوانی ئاینی دەوروبەری ستەمكارەكان.

نەفامەكانی ئەم سەردەمە وایان دەزانی كە ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی تەنها نەفامی موشریكەكانی عەرەب بڕوخێنێت نەك هەموو جاهیلییەتێك كە مرۆڤایەتی لە پێش هاتنی پێغەمبەر (د.خ) لەسەری بوون.

وە گومانیان وابوو كە ململانێكە تەنها لەگەڵ لات و عوزادایە نەك قەیسەر و كیسرا و بەوەش بە نەمان و لەناوچوونی لات و عوزا نەفامیش نامێنێت! ئەم باوەڕە ناتەواوەیان هەبوو بۆیە ئێستا دەبینین نەفامی قەیسەر و كیسرا كە لە ناو نەتەوەكانی تردا هەبوو وە لە ناو عەرەب دا بوونی نەبوو هەتا لە سەردەمی نەفامیش دا كەچی ئێستا سەر لە نوێ گەڕاوەتەوە و سەر لە نوێ خەڵكی دەبنەوە بە كۆیلە و عەبدی ستەمكارەكان و تاغوتەكان و لە دڵی خۆیان دا گومانیان وایە كە موسوڵمان و یەك تا پەرستیشن! وە نەفامیەتێكی نوێ زیندوو بۆتەوە لەسەر پاشماوەی نەفامیە كۆنەكەی عەرەب بەناوی دینێكەوە كە خۆی لە ئەسڵ دا هاتووە بۆ ڕووخاندنی هەموو وێنەكانی نەفامی عەرەبی و نەفامی نەتەوەكانی تر! وە ئەمەش ڕاستگۆیی ئەو تێڕوانینە دەردەخات كە دەفەرموێت "ئیسلام بە غەریبی هاتووە و غەریبیش دەبێتەوە ، باشی و سەرفرازی بۆ غەریبەكان"صحیح مسلم.. پێیان فەرموو ئەوانە كێن؟ لە ڕیوایەتێك دا فەرمووی "ئەوانەن كە ئەوەی خەڵكی فەسادی دەكات ئەوان چاكی دەكەنەوە لەدوای من لە سونەتی من".الترمزی

پێغەمبەر (د.خ) لێبێت لە دوای كوشتنی أبو جهل لەسەری دەفەرموێ " ئەمە فیرعەونی ئەم ئومەتە بوو"( أحمد فی مسندە..) هەتا بیسەلمێنێت كە فیرعەونیەت تایبەت نەبووە تەنها بە فیرعەونی میسڕی سەردەمی حەزرەتی موسا، بەڵكو فیرعەونیەت سیفەتێكە دەدرێتە پاڵ هەر كەسێك كە هەڵگری سیفەتەكانی فیرعەون بێت ، وە دیاردەیەكە لەوانەیە لە هەموو شوێن و سەردەمێك دا دووبارە ببێتەوە، هەموو خۆ بەزل زان و ستەمكارێك بە بێ حەق لەسەر زەوی فیرعونێكە و دەبێت ڕووبەرووی ببینەوە، هەموو تاغوتێك لەسەر زەوی فیرعەونێكە و پێویستە دژایەتی بكرێت.
وە مادام ئەبو جهل بوو بە فیرعون لەگەڵ ئەوە
ی پاشاش نەبوو بەڵكو تەنها لەبەر ئەوەی توندو خۆسەپێن بوو لەسەر بێ دەسەڵات و لاوازەكانی شاری مەككە، كەواتە ئەو سیفەتەش بەسەر ئەو دیكتاتۆر و ستەمكارانە دادەبەزێت كە هەڵدەستن بە ئازاردانی ملیۆنەها كەس و خوێنیان حەڵاڵ دەكەن و ماڵ و سامانیان دەخۆن و زیندانەكاینان پڕ كردووە لە مرۆڤی بێ تاوان بە شێوەیەك لە هیچ نەتەوەیەكی تردا ئەمە نەبینراوە... هەتا فیرعون بەو ستەم و دیكتاتۆرییەی خۆیشی ڕێگەی بە مووسا داوە كە گفتوگۆ و موناقەشەی لەگەڵ بكات.

موسا بە فیرعەونی وت "باشە ئەگەر بەڵگەیەكی زۆر روون و ئاشكرایشم بۆ هێنای لەسەر ڕاستی خۆم؟ تۆ هەر زیندانیم ئەكەیت و باوەڕ ناهێنیت؟

فیرعون لە وەڵام دا وتی"ئادەی ئەگەر لە ڕاستگۆیانیت فەرموو بەڵگەكانت بێنە" الشعرا‌و30-31
وە  ڕۆژێكیان دیاری كرد و ڕێكەوتن لە ڕۆژی (زینە)دا ڕووبەروو ببنەوە، بەڵام كاتێك فیرعون تووڕە بوو مۆڵەتی لە قەومەكەی وەرگرت بۆ ئەوەی موسا بكوژێت، جا چی بەوانە بوترێت كە دەكوژن و دەبڕن و خەڵكی زیندان دەكەن و ئازاریان دەدەن و كەس پرسیاری هیچیان لێناكات و ئەوانیش هیچ خەمێك ناخۆن!


به‌شی بیروڕا